سەربازێکی کورد بوو بە قوربانیی تەقینەوەی مین

21:34 - 29 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، لەکاتی ڕزگار کردنی سەگێکدا، دەکەوێتە سەر مین و لاقێکی لەدەست دەدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز، سەربازێکی خەڵکی گوندی هانە شێخانی مەریوان لە شاری عەجب شێری پارێزگای تەورێز بە هۆی تەقینەوەیی مینە چێندراوەکان لە دەروبەری پایەگا بە سەختی بریندار دەبێت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان، شوناسی ئەو سەربازە کوردەی بە \"سەید محەممەد باختەر\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو سەربازە کوردە لە کاتی ڕزگار کردنی سەگێکدا کە بە تێڵدڕووەکانی دەوروبەری پایەگاکەوە بووە، دەبێتە ئامانجی یەکێک لە مینە چێنراوەکان دەورووبەری ئەو پایگایە و لەو ڕووداوەدا لاقێکی لەدەست داوە.

هەنووکە ئەو سەربازە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تەورێزە.

پیشتریش کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو، لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری بۆکان، لە کاتی گواستنەوەی خاکی پایگایەکی کۆن بۆ مەزرا و مووچەکەی خۆی، بە سەختی بریندار بوو.

ساڵانە دەیان هاووڵاتیی مەدەنیی کورد لە ئەنجامی تەقینەوەی مین و دیکەی تەقەمەنییە بەجێماوەکانی نێو کۆنە پایەگاکان لە ئێران و ناوچە کوردنشینەکانەکان دەبنە قوربانیی مین.

بڵاو کردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار بە تەقینەوەی مین و کەرەستە جەنگییە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لە ئێران بە گشتی و کوردستانی ئێران بە تایبەتی لە کاتێکدایە کە؛ لە دانیشتنی ٢٨ـەمین کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤ لە شاری ژنێڤ، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پێشنیاری هەڵگرتنەوەی ئوسوولیی مین لەلایەن وڵاتی بۆسنی وهێرزێگۆینی قبوول کردووە؛ بەڵام پاش تێپەڕینی نزێک بە دوو ساڵ بە سەر قبووڵ کردنی ئەو پێشنیارەدا، هیچ چەشنە باشتربوونێک لە بارودۆخی ناوچە مینڕێژکراوەکان لە کوردستان و ئێران نابیندرێ.