سەربازێکی هێزی ئینتزامی لە شاری سەردەشت کوژرا

15:26 - 7 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی هێزی ئینتزامی لە شەڕێکدا، لە شاری سەردەشت کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەربازێکی هێزی ئینتزامی بە ناوی \"حامید محەممەدی\" خەڵکی شاری تەورێز، لە شەڕێکدا لە شاری سەردەشت کوژرا.

ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتی، لەو بارەوە ڕایان گەیاندووە: کە \"ئەو سەربازە، لە شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران کوژراوە.

ئەو ڕووداوە ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردان، لە نزیک گوندی \"سەڵەکتان\" سەر بە شاری سەردەشت ڕووی داوە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سەردەشت بە ڕەت کردنەوەی ئیدعای ڕاگەیەندنەکانی حکوومەتی ڕای گەیاند: \"دەستەیەک لە هێزە ئینتزامییەکان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە نزیک گوندی سەڵەکتان، کۆڵبەرانیان گەمارۆ داوە و دەستیان بە سەر شتومەکی ئەو کۆڵبەرانەدا گرتووە و دواتر چەند کەسێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی لەو شارە، بە سپای پاسداران لە شاری سەردەشتیان ڕادەگەیەنن، کە هێزی حیزبە کوردییەکان لەو ناوچەیەدا هەن.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، \"پاش ڕاپۆرتی ئەندامانی خۆجێی سپای پاسداران، هێزەکانی سپای پاسداران ڕەوانەی ئەو ناوچە کراون و پاش شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان چەندین کەس کوژرا و بریندار بوون و بریندارەکانی ئەو شەڕەیان بە هەلێکۆپتێر ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ورمێ کردووە\".

هەتا ئێستە هێزە ئینتزامییەکان و سپای پاسدارانی شاری سەردەشت سەبارەت بە چۆنیەتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە، هیچ لێدوان یان ڕاگەیەندراوێکیان نەداوە\".