سەربازانی تورک دوو کچە گریلای کوردیان گوللە باران کرد

19:23 - 9 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: کوشتنی دوو کچە گریلای کورد کە بە دەستی سەربازە تورکەکان بە دیل گیرابوون، کاردانەوەیی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا،لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فیس بووک، تایبەت بە لاینگەرانی ئەرتەشی تورکیە گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە تێدا دوو کچە گریلای کوردیان داوتە بەر دەستڕیژی گوللە.

ئەو دوو گریلایە لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان،پ.ک.ک،بوون کە بە دەستی ئەرتەشی تورکیە بە دیل گیرابوون لە ناوچەکانی کوردستان ئێعدام کراون.

\"\"ڕاگەیەنەکانی نزیک لە پ.ک.ک، هاوکات بە بڵاو کردنەوەی وێنەی ئەو دوو کچە گریلایە، ڕایگەیاند؛ شیمانەی ئەو دەکرێت ئەو ڕووداوە هی مانگیک پێش لە ناوچەی هەکاری بوو بێ کە سێ گریلای ئەو پارتە لەلایەن ئەرتەشی تورکیە بە دیل گیرابوون.

کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هەوڵەی دەوڵەتی تورکیە، ئەو وڵاتەیان بە سووکایەتی کردن و کوشتنی گریلاکانی کورد تاوانبار کرد.

ئەرتەشی تورکیە لە مانگی سەرماوەزی ٩٤ی هەتاوی ئۆپراسیونێکی بەربڵاویان لە ناوچە کوردنشینەکان لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەست پێکرد و ئامانجیان لە ئەو ئۆپراسیونە زەربەلێدان لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕاگەیاندووە.

\"\"پێشتریش کومیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕەخنەی توندی ئاراستە بەرپرسانی حکوومەتی تورکیە گرت و ڕایانگەیاند بوو کە ئەو وڵاتە کوشتنی هاووڵاتییان بە شێوەی بان یاسایی و وێران کردن شارە کوردنشینەکان بە شێوەی جیددی یاساکانی نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤیان پێشیل کردوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لەلایەن عەبوڵڵا ئوجەلان دامەزراوە و لەو کاتەوە بۆ بەدەست هێنانی مافی نەتەوەوایەتی لە کوردستانی تورکیە خەبات دەکات.

پ.ک.ک، ڕێکخراوێکی نەتەوەیی و بیروباوەڕی چەپگەرایە و لەو کاتەوە بووتە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە تورکیە.