سەحنە؛ تەقە لە زۆرانبازێکی پێشووی تیمی میللی ئێران کرا

21:16 - 17 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: کەس یان کەسانێکی نەناسراو لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سەحنەی کرماشان تەقەیان لە زۆرانبازێکی پێشووی تیمی میللیی ئێران کرد و بەو هۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش‏نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی سەرماوەز، لە شەقامی \"شەهید ڕۆستەمی\" شاری سەحنە، فەریدوون قەنبەری زۆرانبازی کێشی ٨٤ کیلۆی پێشووی تیمی میللیی ئێران، لە نێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆوە لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تەقەی لێ کراوە.

لەکۆی ئەو ٧ گوللەی کە بە مەبەستی پێکانی ناوبراو هاوێژراوە، ٤ گوللەیان بەر جەستەی کەوتوون.

بەرپرسانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان کە فەرەیدوون قەنبەری ڕەوانەی ئەوێ کراوە، ڕایانگەیاندووە کە گوولەیەک بەر شانی چەپی، گوولەیەک بەر دەم و چاوی و دوو گوللەش بەر هەر دوو لەپی دەستی کەوتووە.

میدیا حکوومەتییەکان لەزاری بەرپرسانی نەخۆشخانەوە، دۆخی جەستەیی یاریزانی تیمی زۆرانبازیی ئێران لە کێبڕکێ جیهانییەکانی ٢٠٠٣ی نیۆیۆرکیان بە باش و ئاسایی ڕاگەیاندووە.

هەرچەند وردەکاریی هێرش بۆ سەر فەرەیدوون قەنبەری لە بەردەستدا نیە، بەڵام پۆلیس هۆکاری تاکەکەسی و شەخسی بە هۆکاری ئەو تەقەکردنە لەقەڵەم داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێوخۆ بە کوردپای ڕاگەیاندووە کە بەداخەوە فەرەیدوون قەنبەری لەنێو هاووڵاتیانی کورددا، خاوەنی کەسایەتییەکی خۆشناو نیە و زۆرێک لە خەڵکی سەحنە و کرماشان ناوبراو بە گرێدراوی باندە تاوانبارە دەستڕۆشتووەکانی حکوومەت دەزانن.

یەکێک لەو سەرچاوانە گوتی : \"فەرەیدوون لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بە کۆکردنەوەی بەشێک لە هاوڕێیانی خۆی، هەوڵی دروستکردنی باند و تاقمی تێکدەرانە و ئازار و ئەزیەت کردنی لاوانیان داوە\".

ئاژانسی کوردپا ناتوانێ ڕاستی و دروستیی وەها ئیدعایەک پشتڕاست یان بەدرۆ بخاتەوە.