سەبەتەی کاڵا و خۆکوشتنی پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ لە ئیلام

14:22 - 15 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵەی کوردی خەڵکی ئیلام بەهۆی ئەوەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە رێگری لێکرا، سەبەتەی کاڵای یارانەیی بفرۆشێت، خۆی کوشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی دووشەممە هاووڵاتییەک بەناوی حوسێن دانیشتووی گەڕەکی \"سەراو\"ی شاری ئیلام بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو هاووڵاتییە کوردە رۆژی رابردوو لە کاتێکدا ویستوویەتی \"سەبەتەی کاڵا\"ی یارانە بفرۆشێت و لەلایەن ژنەکەیەوە رێگری لێکراوە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

\"18182.jpg\"
حوسێن باوکی سێ منداڵ بووەو لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژی داوەو لەئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی بەر نەکەوتنی سەبەتەی کاڵای یارانە چەندین هاووڵاتی لە شارەکانی ئێران تووشی جەڵتەی دڵ و میشک بوونە.

لەو بارەیەوە پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵ لە کرماشان، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە بەرامبەر شوێنی وەرگرتنی سەبەتەی کاڵا لەو شارە گیانی لەدەست دا.

هەرچەند بەرپرسانی ئینتزامیی رایانگەیاندووە کە ئەو هاووڵاتییە ٦٠ ساڵەیە بەهۆی قەرەباڵغیی سەفی وەرگرتنی سەبەتەی کاڵاوە نەبووە، بەڵام هاووڵاتییان دەڵێن ئەو کەسە لە ئەنجامی قەرەباڵغی و حەشیمەتی زۆری بەردەم سەبەتەی کاڵای یارانەیی گیانی لەدەست داوە.

هەروەها بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە ناوخۆییەکان، نیوە شەوی ١٢ی رێبەندان لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری هەشتڕوود، بەهۆی ئەوەی سەبەتەی کاڵای یارانەی بەرنەکەوتووە، تووشی جەڵتەی مێشک بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

ئەو لاوە شاتری نانەواخانە بووە و لە رێگەی پەیامی تەلەفۆنییەوە ئاگادار کراوەتەوە کە سەبەتەی کاڵای یارانەیی بەرناکەوێت، کە بەو هۆیەوە تووشی جەڵتە بووە.

\"18183.jpg\"
هاوکات ماڵپەڕی \"مەشرق نیوز\" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، رۆژی یەکشەممە هاووڵاتییەکی خەڵکی تاران لە مەنتەقەی \"تهرانسر\" لە سەفی وەرگرتنی سەبەتەی کاڵا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە بلاو بوونەتەوە، نزیک بە ٩ ملیۆن سەرپەرستی بنەماڵەی ئێرانی سەبەتەی کاڵای یارانەییان بەردەکەوێت و زۆربەی خەڵکی گوندەکان و چینی دەستکورت و کەم داهات لە سەبەتەی یارانەیی بێبەش کراون.

محەممەد عەلی پوور موختار بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ئیسلامی رەخنەی لە شێوەی دابەش کردنی سەبەتەی کاڵا گرتووە و بە هەوالدەریی ئیسنای راگەیاندووە، دەوڵەت لە کاتێکدا برنجی هیندی لە سەبەتەی کاڵادا دابەش دەکات، کە رێکخراوی دەواو خواردەمەنیی وەزارەتی بێهداشت ئەو جۆرە برینجەی بە ئاڵوودە لە قەلەم داوە و وتوویەتی شیاوی خواردن نییە.