سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کورد لە کامیاران سەر بڕدران

21:57 - 19 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی ناوچەی کامیاران بەشێوەیەکی گۆماناوی کوژران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو تەرمی سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کامیارانی لەکاتێکدا بەشێوەیەکی هەژێنەر کوژرابوون، دۆزرایەوە.

هەواڵێنری کوردپا لە شاری کامیارانەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی مەرگی ئەو سێ هاوڵاتییە کوردە، وتی \"کوژراوەکان ژنێک و دوو منداڵەکەین، کە بە چەقۆ سەریان لەجەستەیان جیا کراوەتەوە\".

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی، کە ئەنجامدراون؛ ئەو سێ هاوڵاتییە کۆتایی حەفتەی رابردوو کوژراون.

هۆکاری کوشتنی ئەو سێ کەسە هەتا ئێستا ناڕوونەو هیچ کەس یان کەسانێکیش لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر نەکراون.

لەو رووداوەدا دایکی ئەو خێزانە، کە ناوی \"ئەفسانە\"یە و خەڵکی کرماشانیشە، هاوڕێ لەگەڵ دوو منداڵی تەمەن ١٢ و ١٨ ساڵی خۆی بەناوەکانی زارا پیری و مەیسەم پیری کوژراون.

ئەم سێ کەسە، ئەندامانی بنەماڵەی ئیبراهیم پیری خەڵکی گوندی گۆمەتەی خوارووی شاری کامیاران بوون.

کۆمەڵناسان چوونەسەرەوەی رێژەی هەژاری، تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان و وازهێنان لەخوێندن وەکوو هۆکارە سەرەکییەکانی چوونە سەرەوەی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە قەڵەم ئەدەن.