سێ کەس لە ئەندامانی \"خانە مطبوعات\" کوردستان دەستیان لە کار کێشایەوە

14:45 - 26 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کێشە و گرفت لە بەردەم ئەندامان و بەڕێوەبەرانی \"خانە مطبوعات\" کوردستان لە شاری سنە، سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ناوەندە دەست لە کار کشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی سەرماوەز، \"خەبات ساعدی، بەرپرس خانەی مطبوعات، فەردین کەمانگر بەڕێوبەر و نادیە حەمەوەیسی\" ئەندام لەو ناوەندە دەست لە کار کشانەوە خۆیان ڕاگەیاند.

یەکێک لە ئەندامانی خانە مطبوعات، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: گوشاری کەسانێک کە هیچ شارەزاییان لە بواری چاپەمەنی و هەواڵدەریی نییە و هەروەها گوشاری هێندێک لە ناوەند و ڕێکخراوە حکوومەتییەکان بوون بە هۆی دەست لە کار کشانەوەی ئەو سێ ئەندامە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: دەست لە کار کشانەوەی ئەو سێ کەسە لە حاڵێکدایە، کە یەکێک لە فەرمانبەرانی پارێزگای ئەو شارە وەکوو بەرپرسی خانە مطبوعات دیاری کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەندامانی خانە مطبوعات لەو بڕوایەدان، کە نابێت ئەو ناوەندە چاپەمەنییە لەژێر کاریگەریی کابینەکان و دەزگای بەڕێوەبەرییدا بێت و دەستنیشان کردنی ئەو فەرمانبەرەی پارێزگای سنە، دەبێتە هۆی ئەوەیکە لایەنە سیاسییەکان دەست بەسەر ئەو ناوەندەدا بگرن.

بەپێی لێدوانی ئەو سەرچاوەیە، ماوەیەکی کەمە لە دەستنیشان کردنی جەلال قەڵاشاخانی وەکوو بەڕێوەبەری گشتی تێنەپەڕیوە و ئەو ڕووداوانە لە خانە مطبوعات ڕوویان داوە.

سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات، وەکوو دوو جەمسەری دەسەڵاتدار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەستیان بە سەر هەموو ناوەندە ئەمنییەتی، قەزایی و ئابوورییەکاندا گرتووە؛ چالاکانی سیاسیش لەو بڕوایەدان کە ئەو دوو ناوەندە حکوومەتییە ئەو هەوڵەیان لە ڕاستای هەرچی زیاتر ئەمنیەتی‌ترکردنی کەشوهەوای کوردستانە.

پاڕێزگای سنە، بە حەشیمەتی ١ میلیۆن و ٤٨٨ هەزار کەس و بە پانتایی ٢٠٣/٢٨ کیلۆمێتری چوارگۆشە لە ڕۆژئاوای ئێران هەڵکەوتووە و لە چاو بڵاوکراوەکانی سەرانسەریی ئێران، لە بواری بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕۆژانە، لە گواستنەوەی هەواڵەکانی ئەو پارێزگایە کەمترین پشکی هەیە.