سێ کەس لەکاتی دەرهێنانی ئاسەواری مێژوویی کوردستان، مردن

22:16 - 5 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: سێ کەس بە هۆی هەڵکەندنی تونێلێک لە حەوشەی یەکێک لە ماڵەکان، بە هۆی ڕووخانی تونێلەکەوە گیانیان لە دەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدرەییەکانی نێوخۆی ئێران، ئەو سێ کەسە خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشانن کە بۆ دەرهێنانی و بە تاڵان‌بردنی ئاسەوارە کەوناراکانی \"قەڵای گەبری\"، لە حەوشی یەکێک لە ماڵەکان تونێلێکیان بە قوڵایی ٣٠ میتر لێداوە و هەتا لەو ڕێگایەوە خۆیان بگەیەنە ئەو قەڵا مێژوویە بۆ دزینی کەرەسە عەنتیکەکانی.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری بەرپرسی ئیدارەی گشتیی میراتی فەرهەنگی پارێزگای کرماشان بڵاویکردەوە، ئەو سێ کەسە بە شێوەی داڵان لێدان لە حەوشەکەدا تونێلیان لێداوە و خاک و خۆڵەکەیشیان لە یەکێک لە ژوورەکانی ماڵەکە شاردووەتەوە.

کوردستان بە هۆی کەونارابوون و نێشتەجێبوونی مرۆڤەوە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی مرۆڤی نیاندرتاڵ واتە ٦٥٠٠٠هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە، ژێرخانێکی دەوڵەمەندی لە ئاسەوارە عەنتیکەکان هەیە و بەو هۆیەوە بە چاوڵێگەری بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییانی کوردستانیش دەستیان کردووە بە تاڵان کردنی و فەوتاندنی ژێرخانەکان و کەلوپەلە کەوناراکان.

قەڵای گەبری کە بە \"قەڵای مەنیژە\" ناسراوە هی سەردەمیی پاشایەتی ساسانییەکانە، هەڵکوتوو لە شاری سەرپێڵ زەهاو و ئەو قەڵا مێژوویە لە مانگی پووشپەڕی ١٣٤٨ی هەتاوی بە ژمارەی ٨٣٣ وەکوو یەکێک لە ئاسەواری میللی ئێران تۆمار کراوە.

\"30023.jpeg\"

\"30022.jpeg\"

\"30024.jpeg\"