سێ کورد لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئێران لەسێدارە دران

19:44 - 17 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ٣ زیندانی، مەترسیی ئیعدامی چواری زیندانیی دیکەش لە ئارادایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو بەرپرسانی دادوەری‌ـ تەناهی حکوومتی ئیسلامی، بە چوونە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ، بەشدارییان لە جێبەجێبوونی ئێعدامی ٢ هاووڵاتیی کورددا کرد.

ناسنامەی ئەو زیندانییانە؛ یووسف عەلیزادە خەڵکی خۆی و ڕەمەزان سەبزی خەڵکی ماکۆ ڕاگەیەندرا.

هەواڵنێری کوردپا ڕوونی کردەوە کە؛ ناوبراوان لە ٤ ساڵی ڕابردووەوە بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\" لە زینداندان و ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە ساڵۆنی ٣ی گرتووخانەی \"دەریا\" براونەتە ژووری قەرەنتینە.

یووسف عەلیزادە لەکاتی جێبەجێبوونی حوکمەکەیدا زیاتر لە ٦٥ ساڵ تەمەنی بووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، سەرەتای ئەم حەوتوویە زیندانییەکی کورد بە ناوی \"بەهەمەن فەریدی\" خەڵکی سنە، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری هەمەدان لەسێدارە دراوە.

ناوبراو ٣٥ ساڵ تەمەنی بووە و منداڵیشی هەیە. ناوبراو سێ ساڵ لەمەوبەر لە کوشتنی کەسێکدا تێوەگلاوە و سزای قەساسی بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها لە گرتووخانەکانی کرماشان و ورمێ هەواڵ دەگات کە؛ لانیکەم ٤ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە نێونجی تەمەنی کەمتر لە ٤٠ ساڵان، مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند کە؛ ئەو چوار زیندانییە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەریان دراوەتەپاڵ.

لەسەرەتای مانگی ڕەشەمەوە تاکوو ئێستا، بەلانیکەمەوە ١٣ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانە جیاجیاکانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کراوە.

ئەو دۆخەی زیندانییان لە کاتێکدایە کە؛ گەڵاڵەی دەوڵەتیی کەمکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی تاوانبارانی ماددەی هۆشبەر لە مەجلیسی ئیسلامی لە ئارادایە.