سێ کرێکاری شارەداریی حەسەناوا لە سەر کارەکەیان دەرکران

15:13 - 9 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کرێکاری ناڕەزای، لە بەشی خەدەماتی شاریی ناوچەیی حەسەناوای شاری سنە لە سەر کارەکەیان دەرکران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سێ کرێکار لە هەشت کرێکاری ناڕازی، لە بەشی خەدەماتی شاریی ناوچەیی حەسەناوای شاری سنە، لە لایەن شارەدارییەوە لە سەر کارەکەیان دەرکران.

ئەو سێ کرێکارە کوردە، لەگەڵ هاوکارەکانیان لە چوونە سەرکار خۆیان بواردووە و ئەمەش لە ئەنجامی وەرنەگرتنی ٨ مانگ مووچەوە هاتووەتە ئاراوە.

ناڕەزایەتیی ئەو هەشت کرێکارە لەگەڵ هەڕەشەی حیراسەت و بەرپرسی شارەداریی بەرەڕوو بووە و بەرپرسی حیراسەت بەو کرێکارانەی ڕاگەیاندووە، پارە نییە هەتا مووچەکەیان پێ بدەن.

ڕۆژی ٢ی گەلاوێژ، ٦١ کرێکاری شارەداریی شاری سنە، کە پێکهاتوو لە کرێکارانی خاوەێنکەری، نیگابانی و شۆفێران بوون، لە سەر کارەکەیان دەرکراون.