سێ چالاکێکی کرێکاری لە شاری سنە دادگایی کران

21:09 - 13 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە، لە لایەن دادگای کەیفەری لەقی ١٠٩ و لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، دادگایی کران.

بەپێی بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ١٣ی گەلاوێژ، دادگاییکردنی سێ چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی \"یەدوڵڵا سەمەدی، ئەمیر شەهابی و ئارمین شەریفە\"، لە لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەریی و لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

یەدی سەمەدی ویڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە فەیسبووکی شەخسیی خۆیدا نووسیوویەتی: \"هەروەک ئاگادارن و سەرەڕای بانگهێشتنامەکان لە دوو لقی ١٠٩ کەیفەری و لقی ١ی دادگای ئینقلاب، ئێمەیان بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە حیزبەکان\" دادگایی کرد.

ناوبراو لە درێژەدا نووسیوویەتی: \"لەو کۆبوونەوەدا، ئێمە وێڕای داکۆکیی لە چالاکییەکانی خۆمان، ئەو تۆمەتانەش کە دراوە پاڵمان بە توندی ڕەت کردەوە\".

ئەو چالاکە کرێکارییە هەروەها نووسیوویەتی: \"دادوەر پاش کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند: \"لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، حوکمەکان ڕادەگەیەنین\".

\"یەدوڵڵا سەمەدی\"، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە کە لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە ماڵی باوکیدا دەسبەسەر کرابوو، لە دوو دۆسیەی جیاجیادا بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە کرا.

ئەم چالاکە کرێکاریە کە پاش ١٥ ڕۆژ دەسبەسەری لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی \"جەمیل شەهابی و ئارمین شەریفە\" بە دانانی بارمتەی ئازاد کرابوون، یەکێکیان بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی لە لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەری و ئەوی دیکەیان بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە حیزبەکان لە لقی یەکی دادگای ئینقلاب\" دۆسییەیان بۆ دروست کراوە.