سێ چالاکی سیاسیی کورد لە روانسەر، بە سپاردنی بارمتە لەزیندان ئازاد کران

15:01 - 24 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: سێ جالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری روانسەر، کە لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە سپاردنی ١٥٠ ملیۆن تمەن بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سیرووس مەنسووری و شارۆخ و شاپوور (برا)، رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو رێکەوتی ٢١ی رەشەمە، هەرکامەیان بە سپاردنی بارمتەیەکی ٥٠ ملیۆن تمەنی، هەتا کاتی دادگایی کرانیان لە زیندان ئازاد کراون.

شارۆخ و شاپوور، کە برای یەکترن، رۆژانی ١ و ٢ی رەشەمە هاوڕێ لەگەڵ ئارام سلێمانی، مەهدی وەیسی عەبدولکەریم ئەحمەدنژاد و کەسیکی دیکە بەناوی هیدایەت، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کران.

هەروەها رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٥ی رەشەمە ساڵی ١٣٩٢، سیروس مەنسووری تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی ئەو شارە لە ماڵی خۆیدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئارام سلێمانی تەمەن ٢٤ ساڵ، مەهدی وەیسی تەمەن ٣٠ ساڵ، عەبدولکەریم ئەحمەدنژاد و هیدایەت لە زینداندا ماونەتەوەو چارەنووسیان ناڕوونە.