سێ پارێزەری دادگا پارێزەریی مەسعود شەمس‌نژادیان بە ئەستۆ گرت

16:42 - 12 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری دادگایی کرانی مەسعوود شەمس‌نژاد پارێزەری کوردی خەڵکی شاری ورمێ، سێ پارێزەر لە داگاکانی ئێران، پارێزەریی دۆسیەی شەمس‌نژادیان بە ئەستۆ گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا بڕیارە مەسعوود شەمس نژاد بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان\"دا رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ دادگایی بکرێت، عوسمان موزەیەن، ساڵح نیکبەخت و عەباس جەماڵی پارێزەریی دۆسیەکەیان گرتە ئەستۆ.

مەسعوود شەمس‌نژاد لە ماوەی رابردوودا و لە کاتێکدا ویستبووی پارێزەریی دۆسیەی شەیدا حاتەمی کچە خویندکای زانکۆی نازلووی ورمێ، کە بە شێوەی گوماناوی لەو زانکۆیە گیانی لەدەستدا، وەئەستۆ بگرێت، ئاگادار کرابوویەوە، کە مۆڵەت(پروانە)ی پارێزەریەیکەی بۆ ماوەیەکی نادیار هەڵپەسێردراوە.

\"19742.jpg\"
عوسمان موزەیەن، ساڵح نیکبەخت و عەباس جەماڵی پارێزەریی دۆسیەی مەسعوود شەمس‌نژادیان بە ئەستۆ گرتووە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی مەسعوود شەمس نژاد بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، لەبەر ئەوەیکە هەتا ئێستا هیچ حوکمێک لەسەر مەسعوود شەمس‌نژاد دەرنەچووە و دۆسیەکەی لە قۆناغی (کیفر خواست) دایە، کانوونی پارێزەران ئیزنی ئەوەی نییە مۆڵەتەکەی هەڵبپەسێرێت، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو کەسە لە تاوانەکانی بێبەری بێتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی بڕیاری هەڵپەساردنی مۆڵەتی پارێزەریی مەسعوود شەمس‌نژاد \"بێ لوفتی\"ی کانوونی پارێزەرانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بووە.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، مەسعوود شەمس‌نژاد لە کاتێکدا بە ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار کراوە، کە تەنیا پارێزەریی دۆسیەی چەند زیندانییەکی ئەندامی حیزبە کوردییەکانی بە ئەستۆ گرتووەو تەنانەت خودی دادگوستەری بە شێوەی تەسخیری مەسعوود شەمس‌نژادیان بۆ دۆسیەی چەند زیندانییەکی کوردی ئەندامی حیزبە کوردییەکان دەستنیشان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕیارەی کانوونی پارێزەرانی ورمێ لە حالێک دایە، کە هەموو پارێزەرێک لە دادگاکان داکۆکی لە (موکل \" کەسی تۆمەتبار\") دەکات، نەک لە تاوانەکەی، بۆیە ئەو بڕیارە لە بنەمادا دروست نییە، چونکە بە هیچ شێوەیەک لە یاسادا نەهاتووە، کە پارێزەرێک بەهۆی داکۆکی لە زیندانیانی ئەندامی حیزبەکان تۆمەتی ئەندامبوونی لەو حیزبانەدا بدرێتە پاڵ.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، مەسعوود شەمس‌نژاد تەنیا بەهۆی بە ئەستۆ گرتنی دۆسیەی ئەو چەند زیندانییە کوردە بە ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکاندا تۆمەتبار کراوە، دەنەاهیچ سەمپاتی و لایەنەگرییەکی لە حیزبەکاندا نییە و هەموو کارەکانی شەمس‌نژاد بەپێی یاسای دادگاکان بووە.

لە رۆژانی رابردووشدا ناوەندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە وڵاتی بریتانیا، وێڕای رخنەگرتن لەناوەندی پارێزەرانی دادگوستەریی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، پشتیوانیی خۆیان لەمەسعوود شەمس‌نژاد دەربڕیبوو.

مەسعوود شەمس‌نژاد رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، پاش ٣٤ رۆژ لە دەستبەسەری بەدانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.