سێ هەواڵی ناخۆش سەبارەت بە کرێکارانی کوردستان

17:50 - 26 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێک کە لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە لە سەر کارەکەی وەدەرنرابوو، بە خواردنی دەرمان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو، یەکێک لە کرێکارەکانی وەدەرنراوی کارگەی نیک ئەلیافی شاری دیواندەرە، بە هۆی دۆخی ناڵەباری ژیان و گوزەرانیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو کرێکارە تەمەن ٤٥ ساڵە، بە ناوی بەستام قەزایی کوڕی مەڵا ئەحمەد خەڵکی گۆندی نسارە ڕاگەیەندراوە و خاوەنی چوار منداڵە کە دوو لەو منداڵانە کەمئەندامی زکماگن.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: بەستام قەزایی ماوەی نزیک بە ٧ مانگ پێش لە کارگەی \"گونی بافی\" وەدەرنراوە و لەو ماوەیەشدا لەگەڵ کێشەی سەختی ژیان و گوزەران بەرەوڕوو بووەتەوە.

ئەو کرێکارە دیواندەرەییە، بە خواردنی حەبی ژەهراوی دەستی داوەتە خۆکوژی.

هەواڵی خۆکوژیی ئەو کرێکارە لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە پێشتر خاوەنکاری ئەو کارگەیە باسی لە دامەزراندنی ٤٠ کرێکار و وەگڕخستنەوەی کارگەی کیسەی پلاستیکیی شاری دیواندەرە کردبوو.

هەروەها بەپێی هەواڵێک کە بە هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، ڕووداوی کار لەکارگەی \"سیمانی درودی\" شاری لوڕستان، گیانی کرێکارێکی ئەستاند و کرێکارێکی دیکەی کردە قوربانی.

شوناسی ئەو کرێکارە بە ناوی حەمید ڕەسوول خانی ڕاگەیەنراوە، کە ڕۆژی پێنج‌شەممە بە گوشاری مادەی تواوەی سیمان، لە بەرزایی ٥٠ مێتری کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەست داوە.

هەواڵدەریی ئیلنا، بێ‌ئاگایی خۆی لە مەڕ بارودۆخی تەندروستیی محەممەد لەشنی کارێکاری بریندار بووی ڕووداوی کار لە شاری درود دەربڕی و ڕایگەیاند کە؛ ناوبراو بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئیسفەهان گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، تەقینەوەی قازانێکی کۆن و ناستاندرادی هەڵم لە کارگەی دەرمانی سروشتیی \"شفا\" لە شاری سنە، بوو بە هۆی سووتانی لە سەدا ٧٠ی یەکێک لە کرێکارەکانی ئەو کارگەیە.
ئەو ڕووداوە لە نێوەڕاستی مانگی خەرمانان ڕوویداوە و بووە هۆی خەواندنی وریا ئیسماعیلی لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شارەی سنە.

ڕیژەی مردنی کرێکاران بە هۆی ڕووداوی کار لە ئێران ڕۆژانە بە ٦ کەس خەڵمێنراوە وبە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کار، ڕووداوی کار زیاتر لە ٩٠ هەزار میلیارد تەمەن لە ئێران تێچوو هەڵدەگرێت.