سێ هاووڵاتی بە دانانی بارمتە لە زیندانی شنۆ ئازاد کران

11:48 - 18 خەرمانان 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەرمانان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حەکیم میرزایی"، "هیوا میرزایی" و "زاهیر مورادی"، خەڵکی گوندی "بێمزورتێـ"ـی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەرمانان، ئەو سێ هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ،بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کرابوون.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، ئەو سێ هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی، ورمێ کرابوون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هیوا میرزایی، حەکیم میرزایی و زاهیر مورادی