سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری چاڵدوران دەسبەسەر کران

15:10 - 19 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری چاڵدوران سەر بە پارێزگای ورمێ، دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری چاڵدوران هێرشیان کردە سەر ماڵی سێ هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"بەهمەن بروکی\" کوڕی عەتا، \"محەممەد خەلیلی\" کوڕی عەبدولحەمید و \"کەماڵ حەیدانلوو\" کوڕی محەممەد و دەسبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەو ڕووداوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزەکانی ئیتلاعات هاوکات لەگەڵ دەسبەسەر کردنیان، ئازاری و ئەشکنجەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان داوە\".

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ئیتلاعات بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" ئەو سێ کەسەیان دەسبەسەر کردووە، بەڵام بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە بێ‌خەبەری خۆیان لە سەر هۆکار و شوێنی دەسبەسەر کردنی کوڕەکانیان دەربڕیوە.

بە پشتبەستن بە ئاژانسی تۆمار کراو لە ناوەندەی ئاماری کوردپا، لە سەرەتای مانگی ژانوویە هەتا کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتوبر، ١٨٢٨ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە کوردستان دەسبەسەر کراون.