سێ هاووڵاتیی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیان، ڕەوانەی زیندانی شاری سەقز کران

14:18 - 26 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شاری سەقز، بۆ تەواو کردنی ماوەی زیندانییەکەیان کە لە لایەن دادگاوە بە سەریاندا سەپێندرابوو، خۆیان بە گرتووخانەی ناوەندیی ئەو شارە ناساند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"ئەردەڵان\" (غەریب) شەریفزادە، هێمن (ڕەحیم) حوسێنی و کامیل شەریفزادە\" بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیان بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سەقز گوازرانەوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٥ لە لقی دادگای ئینقلابی شاری سەقز بە تۆمەتی \"ئەندامبوون و لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ لە یاسای سزای ئیسلامیی دادگایی کراون.

ئەردەڵان شەریفزادە کوڕی خەلیل بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی حکوومەتی ئێران لە ڕێگای دامەزراندنی گرووپێک لە دونیای مەجازی لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان ئۆپۆزسیون\" (بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ی لە یاسای سزای ئیسلامی) بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، ئەو حوکمە لە دادگایی پێداچوونەوە بۆ ١٠ مانگ کەم کرایەوە.

کامیل شەریفزادە کوڕی خەلیل بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزب کوردییەکانی ئۆپۆزسیون و پڕوپاگەندە دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران (بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی) کە بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، ئەو حوکمە لە دادگایی پێداچوونەوە بۆ ٥ مانگ کەم کرایەوە.

هێمن (ڕەحیم) حوسێنی، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیون و پڕوپاگەندە دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" (بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی) کە بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، ئەو حوکمە لە دادگایی پێداچوونەوە بۆ ٤ مانگ کەم کرایەوە.

شایانی باسە، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقزدان.