سێ هاووڵاتیی کورد بانگهێشتی لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە کران

17:05 - 8 خەرمانان 2722

ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی خەرمانان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئارمان سەلیمی"، "ئومید شێخی" و "ئومید ئەسەدی"، لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، ئامادە بوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە پاش سکاڵای دادستانی سنە بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپ یان ڕێکخراوەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، ئامادە بوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە پاش ئامادەبوون لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، بە لێوەرگرتنی بەڵێننامە لێیان لە ئەگەری بەشداری لە ڕێوڕەسمەکان و چالاکییە مەدەنییەکانیان، بە سزای نەختی سزا دەدرێن.

ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردان، ئەو سێ هاووڵاتییە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، لە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بێتاوان ناسرابوون.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خاکەلێوە، ئومید شێخی و ئومید ئەسەدی بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی سنە (پارکی نەورۆز)، بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا و دەسبەسەر کران.

ئارمان سەلیمی ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، لە ڕەوتی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوە بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان، لە گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە، ئازاد کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کرابوو.