سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی سنەیی چارەنووسیان ناڕوونە

14:58 - 2 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کورد کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر کرابوون، لە چارەنووسییان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی گوندی\"تەوریوەر\" و دانیشتووی شاری سنە بە ناوی \"فاتیح حاجی ئەحمەدی\" کوری محەممەد ساڵح و پاش پشکنینی ماڵەکەی بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەستبەسەر کرد. هەتا ئێستا بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەکیان لە مەڕ شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی فاتیح دانییە.

\"\"هەروەها ١٠ ڕۆژ پێش، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی گوندی تەوریوەر سەر بە شاری سنە بە ناوەکانی \"ئارام و بێهنام عەلیڕەزایی\" کوڕی عەباس لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە گرتووخانە دان.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی عەلیڕەزایی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ئەرێنی و ڕوون لەو پەیوەندییەدا، خۆیان دەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی ئەم سێ هاووڵاتیە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.