سێ هاووڵاتیی دیکە لە شاری میاندواو دەسبەسەر کران

13:03 - 26 گەلاوێژ 2722

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی "ئەحمەد گورگین" کوڕی مەولوود، "ئیسلام فەیزی" کوڕی حەبیب و "پەیمان تەهازادە" کوڕی عومەر خەڵکی گوندی "گامێش گولی"ی شاری میاندواو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردوون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکراندا ئەو سێ هاووڵاتییەیان ئازار و ئەشکەنجە داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی ئەو سێ هاووڵاتییە، دەستیان بە لێدان و ئازاری بنەماڵەکانیان کردووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو سێ هاووڵاتییە، بۆ کوردپا ئاشکرا نەکراوە.