سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شاری شنۆ دەسبەسەر کران

14:32 - 24 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ سێ هاووڵاتیی دیکەی کوردیان، لە شاری شنۆ دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەرمانان، سێ هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"ساڵح پاشایی، سادق پاشایی و خوسرەو قودرەت\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان بە دەست و چاوبەستراوەیی لە بەر هەتاو ڕاگیراتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان، بە تۆمەتی پشتیوانی لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان دەسبەسەر کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، سۆران دانشوەر و ئارام فەتحی لە چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان، کە لە ڕۆژی مانگرتنە گشتییەکەی خەڵکی کوردستان دەسبەسەر کرابوون، پاش لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای شاری مەریوان ڕاگوێزراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان، بەپێی بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات، خەڵکی کوردستان مانگرتنی گشتییان خستە ڕێ ، کە لەگەڵ دژکردەوەی توندی هێزە ئیتلاعاتییەکان بەرەوڕوو بوونەوە.