سێ هاووڵاتیی بۆکانی بە زیاتر لە ١٣ ساڵ زیندان حوکم دران

20:33 - 27 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری بۆکان، حوکمی ١٣ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری بۆ سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"محەممەد کەریمیخا\" کوڕی خالید تەمەن ٣٧ ساڵ، \"حوسێن مەحموودی\" کوڕی محەممەدکەریم تەمەن ٣٧ ساڵ و \"ئەمیر ئیبراهیمی\" کوڕی ئەبووبەکر تەمەن ٣٨ ساڵ، لە دادگای ئینقلابی شاری بۆکان بە سەرۆکایەتی \"پەیمان ڕۆستەمی\"، بەرپرسی لقی دووی دادگای کەیفەریی ٢ بە \"١٣ ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران\".

دادگای ئینقلابی شاری بۆکان هەر یەک لەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی \"کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجام دانی تاوان لە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی وڵات\" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە.

دادگای شاری بۆکان، بە لەبەرچاوگرتنی دانپێنانی ئەو سێ هاووڵاتییە، لە تەواوی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دەربڕینی پەشیمانی بۆ ئەنجام دانی کردەوەی تاوانکارانە، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری ئەوانی بە ڕەوای کەم کردنەوە زانیوە و حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بە سێ ساڵ و نیو کەم کردەوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، سەرەتای ئەمساڵ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە شاری بۆکان دەسبەسەر کران و بۆ گرتووخانەی ئەو ئیدارەیە گوازراونەتەوە.