سێ مێرمنداڵی خەڵکی شاری سەقز، بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست دا

11:57 - 2 رێبەندان 2721

شەوی ڕابردوو، دوو خوشک و برایەکی مێرمنداڵ، خەڵکی شاری سەقز، بوونە قوربانیی پەنگخواردنەوەی گازی مۆنۆکسیدی کەربۆن.

ئەو سێ مێرمنداڵە ئەندامی بنەماڵەیەک بوون و ئەو ڕووداوە لە گەڕەکی "حاجی‌ئاوا"ی شاری سەقز ڕووی داوە.

تەمەنی دوو کچەکە ١٤ و ١٦ ساڵ و هەروەها تەمەنی کوڕەکەش ١٠ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

لەو پەیوەندییەدا، دوو ڕۆژ پێش، سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لە شاری کەنگاڤەر، بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست دا.

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی وەرزی سەرما، ئاماری قوربانییانی گازگرتوویی و خنکان بە مۆنۆکسیدی کەربۆن ڕووی لە زیاد بوونە و ساڵانە چەند کەس دەبنە قوربانیی گازگرتوویی.