سێ مامۆستا لە شاری دیواندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

12:00 - 5 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ، "مەحیەدین کەریمیان"، "ئەسعەد عەلەوی" و "کوورش بابامورادی" لە مامۆستایانی شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو سێ مامۆستایە پاش هاتنە دەرەوە لە بینای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش بەدواداچوونی هاوکارەکانیان ئازاد کران.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ، مامۆستایانی شاری دیواندەرە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە دەسبەسەرکردنی "ئومید شامحەممەدی"، "هیوا قوڕەیشی"، "پەرویز ئەحسەنی" و "کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

پاش بڵاوکردنەوەی بانگەوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە مامۆستایان کرد کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، هەوڵی دەسبەسەری و سەرکوتیان دەدەن.

پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە لێدان و بێڕێزی و جنێودان و بڵاوەپێکردنی فەرهەنگییان و بنەماڵەی مامۆستایانی زیندانی، بە تایبەت دایک و باوکی پیری ئەوان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "ئومید شامحەممەدی"، "هیوا قورەیشی"، "پەرویز ئەحسەنی" و "کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.