سێ لاوی سەقزی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران

15:29 - 29 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هاووڵاتییەکی کوردیان بەزیندان مەحکووم کرد و هەروەها سێ هاووڵاتیی دیکەیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ بەڵگەی قەزایی هێرشیان کردە سەر ماڵی سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری سەقز و دەستبەسەریان کرد.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنج‌شەممەی حەوتووی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەواڵنێری کورد پا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند که؛ ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانان، دوو لاو بە ناوەکانی سەلاحەدین‌ میرزایی تەمەن ٢٢ ساڵە کوڕی عەتا و ئەمین (ئالان) عەلیپوور تەمەن ٢٥ ساڵە کوڕی کەریم، لە گەڕەکی بەهارستانی شاری سەقز لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

هەروەها ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان لاوێکی تەمەن ٣١ ساڵە بە ناوی هیوا دەستباز لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەستبەسەر کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە، بە تەواوەتی دەپشکێنرێت و هیندێک لە کەرەستەی شەخسی وەک لەپ تاپ و هێندێک کتێب و کەرەستەی دیکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی شاری سەقز، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری مەهاباد حوکمی زیندانیی بۆ ٥ هاووڵاتیی کورد بڕییەوە.

حەوتووی ڕابردوو لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بۆ هەر یەک لە ئەمیر عەبدوڵڵا زادە، هێمن غەزاڵ، موزەفەر تەلانە، پژمان ئیمانی و محەممەد شوکری بۆ هەر یەک لەو هاووڵاتییانە پێنج هەتا شەش مانگ زیندانی تەعزیری بڕدراوتەوە.

ئەو پێنج هاووڵاتییە لەگەڵ دەیان هاووڵاتیی دەیکەی کورد لە چوار مانگی ڕابردوودا، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە تاوانی پڕوپاگەندە و لایەنگەری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیون دەستبەسەرکراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی کوردپا، لانیکەم ٦٠ هاووڵاتیی کورد لە کۆتایی مانگی بەهار و هاوینی ئەمساڵدا بەهۆکاری جۆراوجۆری ئەمنیەتی دەستبەسەر کراون.