سێ زیندانیی کورد لە زیندانی دەریای شاری ورمێ ئێعدام کران

13:52 - 25 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: چوار زیندانیی بەندکراو لە زیندانی\"دەریا\"ی شاری ورمێ، لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە لەسێدارە دران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی سێ‌شەممە ٢٤ی ڕەشەمە، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ حوکمی ئێعدامی چوار هاووڵاتی، کە سێ کەسیان کورد بوون، جێبەجێ کرد.

ئەو چوار زیندانییە ڕۆژی ٢٣ێ ڕەشەمە لە بەندی ١٥ی زیندانی \"دەریا\"ەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گوێزرانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندان، شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ئێعدام کراوەی بە ناوەکانی \"ئەکرام حەسەنپوور کوڕی سەعید خەڵکی سەڵماس، کەیومەرس فەریدوون کوڕی عەبدوڵڕحمان خەڵکی شاری ورمێ و چەنگیز بادوزادە خەڵکی ورمێ\" ڕاگەیاندووە.

شوناسی یەکێکی دیکە لە ئێعدام کراوەکان بە ناوی \"عەبدولواحید حامیدی\" هاووڵاتییەکی تورک زمانی خەڵکی ئازەربایجان ڕاگەیەنراوە.

\"سزای پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر\" هۆکاری دەرکردنی ئەو حوکمە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بووە.

ئەو چوار زیندانییە پێ لە تەمەنە، نزیکەی ٣ساڵ و نیو لە زیندانی شاری \"ورمێ\"دا بوون.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"محەممەدڕەزا سەمەدی‌نەسەب\" کوڕی \"فەرامەرز\" لە پەڕانپەڕی گرتووخانەی ناوەندیی کرماشان(دیزڵئاباد) ئێعدام کراوە.

ئامارە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ڕابردووی زایینی(٢٠١٦)دا، ٢٩٥ هاووڵاتی بە تاوانی جۆراوجۆری پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.