سێڵفی گرتن لە تاڤگەی شەڵماش قوربانیی لێ کەوتەوە

15:30 - 18 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵ لەکاتی گرتنی وێنەی سێڵفی لە تاڤگەی شەڵماش بەربوویەوە و لەو تاڤگەیەدا خنکا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستایەکی خەڵکی دێوڵان لە کاتی وێنەگرتنی سێلفی لە تاڤگەی شەڵماشی شاری سەردەشت گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو مامۆستا کوردە بە \"فەرهاد محەممەدی\" تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی \"بلبان ئاوای\" سەر بە شاری دێولان لە پارێزگای کوردستان ڕاگەیەنراوە.

ئەو مامۆستا تەمەن ٢٦ ساڵە لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەی‌دا بۆ گەشت و سەیران هاتبوونە تاڤگەی شەڵماش و لە کاتی گرتنی وێنەی سێلفی‌دا دەکەوێتە نێو تاڤگەکە و دەخنکێ.

تەرمی ئەو مامۆستا ٢۶ ساڵەی دێۆلان، که ڕۆژی پێنج‌شەممە کەوتبووە نێو تاڤگەی شڵماش، دۆزرایەوە.

تاڤگەی شەڵماش که پێکهاتوو له ٣ تاڤگەی جوان و بێوێنەیە، یەکێک له ناوچه تایبەتی و گەشتیارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه که ساڵانه گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن و بەهۆی ڕووداوی هاوشێوە و نەبوونی مەرجەکانی پاراستنی گیانی گەشتیاران، هەرساڵه چەند کەس گیانیان لەو ناوچە گەشتیارییە لەدەست دەدەن.