سێڵاو گیانی کچە خوێندکارێکی کوردی ئەستاند

15:14 - 18 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: نابەرپرسایەتی شارەداری شاری خۆڕەمئاوا، قوربانی بوونی کچێکی خوێندکاری لە ڕووداوی سێلاو لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش بارینی بارانی بە لێزمە لە شاری خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستان، کچێکی خوێندکار لە کاتی تێپەڕین لە سەرشەقام، دەکەوێتە نێو جۆگەلەی ئاو و گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو کچە ئیلامیە، \"فروزان موراد پوور\" خوێندکاری بەشی زیندەوەر ناسی زانکۆی لوڕستان ڕاگەیەنراوە.

\"فروزان
فروزان موراد پوور
ڕووداوی گیان لە دەستدانی فروزان لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو لە کاتی سواربوونی ماشینی گەڕان و چوون لە گوڕەپانی شوورای ئەو شارە تووشی رووداوی سێلاو دەبێت.

تەرمی ئەو کچە ئیلامییە ئێستا لە پزیشکی یاسایی شاری خوڕەمئاوا ڕاگیراوە.

هەروەها ڕاگەیەنەکانی پارێزگای لوڕستان لەو باریەوە بڵاویان کردەوە، کە خوێندکارێکی دیکە بە ناوی \"نەسرین محەممەدی\" خەڵکی ئیسفەهان و کارناسی شارسازی بە سەختی لەو ڕووداوەدا بریندار بووە و ئێستا لە بەشی \"ئای سی یوو\"ی نەخۆشخانەی شاری خوڕەمئاوادا ڕاگیراوە.

هوشەنگ بازوەند پارێزگاری لوڕستان لە دانیشتنی لەگەڵ ستادی بەڕێوەبەری قەیرانی شاری خوڕەمئاوا گوتی: شارەداری خوڕەمئاوا دەبێت لە بەرانبەر کوژرانی ئەو کچە خوێندکارەی زانکۆی لوڕستان وڵامدەر بێت.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو:\"بۆچی پاش شەش ساڵ هێشتا کەم و کوڕییەکانی گۆڕەپانی ئیمام حوسین جێ بەجێ نەکراوە، هەتا ئێمە شایەتی ڕووداوی لەو چەشنە نەبین.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بارینی باران و تەرزەی بە لێزمە لە شاری خوڕەمئاوا بوو بە هۆی هەستانی سێڵاو لە شەقامەکان، شوێنە گشتیەکان و خانووبەرەکان لە ئاستی ئەو شارەدا.