سێوی مێخەکرێژ دەبێتە ئەندام لە رێکخراوی ئاشتیی جیهانی

20:52 - 17 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بڕیارە سێوی مێخەکڕێژ، وەکوو سەمبولی ئاشتی و خۆشەویستی، لە رێکخراوی ئاشتیی جیهانیدا بە ئەندام وەربگیرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شاندێکی سویدی بە سەرپەرستیی سەرۆکی رێکخراوی ئاشتیی ئوروپا بە مەبەستی ناسینی سێوی مێخەکڕێژ وەکوو سەمبولی ئاشتی، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پرۆژەی سێوی مێخەکرێژ لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.

\"20966.jpg\"
سەیوان سەعیدیان بەرپرسی پرۆژەی سێوی مێخەکرێژ
لەو کۆبوونەوەدا تۆماس مانگسۆن سەرپەرشتی ئەو شاندە سویدییە، رایگەیاندووە: هەموو هەوڵەکانی بۆ بە ئەندام کردنی سێوی مێخەکڕێژ و خاوەنی پرۆژەکە لە رێکخراوی ئاشتیی جیهانیدا دەخاتەگەڕ.

ئەو شاندە سویدییە، کەلە تۆماس مەنگسۆن، سەرۆکی رێکخراوی ئاشتیی ئەورووپا، ئێلیزابێت گیۆرگ و سەرۆکی بەشی یارمەتیی پەنابەران لە شارەوانیی یۆتۆبۆری و کامیلا تۆماس سەرۆکی پرۆژەی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی لەشارەوانی یۆتۆبۆری پێکهاتبوون، پشتگیریی خۆیان بۆ ناساندنی سێوی مێخەکڕێژ بە کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل راگەیاندووە.

\"20967.jpg\"
سەیوان سەعیدیان بەرپرسی پرۆژەی سێوی مێخەکرێژ، لە دانیشتن لەگەڵ ئەو شاندە سویدییەدا رایگەیاندووە؛ لەداهاتوودا کۆمەڵێک پرۆژەی ناردنی سێوی مێخەکڕێژ وەکوو هێمای ئاشتی و خۆشەویستی لە ئاستی جیهانیدا بەڕێوە دەچێت، کە ئەو پرۆژەیە ناردنی ٥٠٠٠ سێوی مێخەکڕێژ لە هەڵەبجەوە بۆ هیرۆشیما و دروستکردنی مۆنۆمێنتێک لە هیرۆشیما بۆ هەڵەبجە، دروستکردنی چل هەزار سێوی مێخەکڕیژ و ناردنی بۆ بنەماڵەی چل هەزار کوژراوی شەڕی نێوان ئەرتەشی تورک و پەکەکە، لەخۆ دەگرێت.

ئەو سێوانە، کە لەلایەن ئاوارە کوردەکانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی هەرێمی کوردستان مێخەکڕێژ دەکرێن، بە گوتەی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای \"ڤین سێڤ\"، سێوی مێخەکڕێژ بۆ ماوەی سەد ساڵ دەمێنتەوە.

سێوی مێخەکڕێژ لە ناو کوردەواریدا وەکوو سەمبولی ئاشتی و خۆشەویستی ئەژمار دەکرێت و هەروەها بڕیاریشە لە رێکەوتی ١٤ی مانگی ٤ی زایینیی هەموو ساڵێکدا هەزار و یەک سێو بۆ ئەو وڵاتانە بنێرن، کە تووشی ژینۆساید و ئەنفال بوونە.