سێهەمین کوردی ڕۆژهەڵاتی لە شەڕی عەفرین گیانی لە دەست دا

13:05 - 14 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری ورمێ، لە شەڕی عەفرین لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان و ناوەندی گەیاندنی زانیاریی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڵاوی کردەوە، کە لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە لە شاری ڕاجوی عەفرین ٧ کەس کوژراون، کە یەکێکیان خەڵکی شاری ورمێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.

ئەو سەرچاوەیە، شوناسی ئەو لاوە کوردەی بە ناوی \"ئەفشار مستەفالوو\" بە کۆدی ڕێکخراوەیی \"شیار ئامانووس\" ڕاگەیاندووە.

ناوەندی هەواڵدەریی هێزەکانی سووریەی دێموکراتێک، لە بەیاننامەیەکدا، درێژەدان بە شەڕی قارەمانانە لە عەفرین لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە پێداگری کردووە.

پێشتریش، ناوەندی ڕاگەیاندنەکان و ڕاگەیاندنی خەباتکارانی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"کاوە مەجیدی\" بە کۆدی \"باهۆز\" خەڵکی جوانڕۆ، و \"حەمیدە دودکانی میلان\" بە کۆدی \"بەرفین زیلان\" خەڵکی ماکۆ لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە لە شاری عەفرین گیانیان لە دەست داوە.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار، دەوڵەتی تورکیە هێرشی بەربڵاوی ئاسمانی بۆ سەر شاری عەفرین دەست پێکرد و لەو هێرشەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی مەدەنی بێتاوان بریندار و کوژراون.