سێهەمین هاووڵاتیی کورد لە ساڵی نویی کوردیدا بە تەقینەوەی مین بریندار بوو

16:10 - 16 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی یەکێکی دیکە لە مینە بە جێماوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە ناوچەی هەورامان، جووتیارێکی تەمەن ٥٠ ساڵەی خەڵکی گوندی شۆشمێی کردە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوە، بە هۆی تەقینەوەی مین لە گوندی شۆشمێ سەر بە بەخشی نەوسوود سەر بە شاری پاوە، هاووڵاتییەک بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە پاوە شوناسی ئەو جووتیارە کوردەی بە ناوی \"محەممەد شوکری\" تەمەن ٥٠ ساڵ ڕاگەیاندووە.

ماڵپەڕی\"سلام پاوە\" سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاوی کردەوە، ناوبراو تەمەنی ٥٠ ساڵ و خیزاندارە و بە هۆی تەقینەوەی مینێک لە جۆری\"گوجەای\" دەستبەجێ قولاپەی لاقی دەقرتێت.

هەنوکە محەممەد شوکری بۆ چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەی \"قودسی\" شاری پاوە خەوێنراوە.

سەرەڕای کۆتایی هاتنی نزیک بە ٣دەیە لە شەڕی ئێران و عێراق، خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان دەبێ تاوانی ئەو شەڕە بدەنەوە.

حەشیمەتی شاری پاوە زیاتر لە ٦٠ هەزار کەسە و ٨٤کیلۆمێتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە.

پێشتریش، شەوی ٣ لە سەر ٤ی خاکەلێوە، لە ناوچەی مەیمەکی سەر بە شاری مێهران، لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین دەبێت و لاقی چەپی ئەو لاوە بە سەختی بریندار دەبێت.

هەروەها، ڕێکەوتی ١٣ی خاکەلێوە،لە دەوروبەری گوندی \"کۆپێچی سەروو\"ـی سەربە بەخشی ناوەندیی بانە لە پارێزگای سنە، تەقینەوەی مینی چێندراو، پەڕینی لاقی لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵەی لێکەوتەوە.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە بە \"ئیسماعیل عەزیزیان\" خەڵکی گوندی \"مەنیجەڵان\" ڕاگەیەندراوە.