سێ‌هاووڵاتیی كورد دوای نزیك بە 20 رۆژ گیران، چارەنووسیان ناڕوونە

15:28 - 14 رەشەمه 2711
كوردپا: نزیك بە 20 رۆژ لەمەوبەر سێ‌هاووڵاتیی كوردی ئەندامانی بنەماڵەیەك ، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون و هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی كوردپا، سەلمان، سادق و سوهەیلا جەعفەری خەڵكی گوندی \"خورۆسە\"‌ی سەر بە شاری سنە ‌لە ناو ماڵی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

دوای تێپەڕینی نزیك بە 20 رۆژ لە دەستبەسەر كردنی ئەو سێ‌هاووڵاتییە هیچ زانیارییەك لە هۆكاری گیرانیان و هەروەها چارەنووسیان لەبەر دەستدا نیە.

هەر لەو پێوەندییەشدا چالاكێكی فەرهەنگی شاری پاوە بەناوی نەجیب حەسەنی دوای دوو حەفتە گیران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، هەتا ئێستا چارە نووسی ناڕوونە.