سێناتور و دادستانی ئوکلاهومای ئەمریکا خوازیاری گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێرانن

14:55 - 10 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: هێنانەبەرباس و تاوتوێکردنی رێکەوتننامەی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە کۆنگرەی ئەمریکا لەگەڵ بەربەست بەرەوڕوو بووتەوە.


بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەبەرەبەری دەنگدان و خۆ یەکلایکردنەوە سەبارەت بە رێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی لەکۆنگرەی ئەمریکا، هەواڵ و زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە ئەگەری ئەوە هەیە دێمۆکراتەکان پشتیوانی لەو گەڵاڵەیە نەکەن.

دانیشتن و تاوتوێ کردنی رێککەوتنامەکە بڕیارە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانان بەڕێوە بچێت.

لەو بارەیەوە فاکس نیوز بڵاوی کردووەتەوە، هەتا ئێستا \"کۆمیتەی میللی دێموکراتەکان\" دەنگی لەسەر ئەو رێککەتنامەیە نەداوە و پشتیوانی لێ نەکردووە.

\"دبی وێزرمەن شولتێز\"نوێنەری دێموکراتەکان لەئەیالەتی فلۆریدا، پێشی بە تاوتووێکردن و دەرکردنی ئەو بڕیارنامەیە گرتووە.

کۆنگرەی ئەمریکا لەحاڵێکدا خۆی بۆ دەنگدان بەمەبەستی رێککەوتنامەی ناوکیی لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات کە شایەتی ناڕازای بوونی زۆربەی نوێنەرانی کۆماریخوازەکانین.

یەکێک لەسێناتورە کۆماریخوارەکان لەگەڵ دادستانی ئەیالەتی ئۆکالاهوما لە نامەیەکدا، داویان لە ئەیالەتەکانی دیکەی ئەمریکا کردووە، کە بێ گوێ دان بە رێککەوتنامەکان گەمارۆی زیاتر بخەنە سەر ئێران.

لەنامە هاوبەشەکەی جێمزئینهوف و ئیسکات پروتدا هاتووە: لە کاتێکدا باراک ئۆباما سەرکۆماری ئەمریکا بۆ خۆ دەربازکردن لە کۆکردنەوەی دەنگ بۆ پەسەندکردنی رێکەوتننامەکە، بەجێگای \"پەیمان\" ناوی \"رێکەوتنی ئیجرایی\" لێناوە.

لە ئەمریکا ئەیالەتەکان ئەو دەسەڵاتەیان هەیە کە خۆیان سەبارەت بە گەمارۆکان بڕیار بدەن.

ئەو بابەتە کە لەرۆژنامەی واڵ‌ئەسترێت ژورناڵ بڵاوکراوەتەوە، جارێکی دیکە حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە دروستکردنی چەکی ناوکیی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ تاوانبار کردووە.

هەواڵدەریی فارس سەبارەت بە داواکاری ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکاییە بڵاوی کرووەتەوە، هەتا ئێستا ٢٥ ئەیالەتی ئەمریکا گەمارۆیان خستووەتە سەر ئێران و بەپێی یاسایەکی ئەو وڵاتە کە بە بە سیسادا (cisada) ناسراوە، ئەگەر ئەیالەتەکان بڕیاری لەسەر گەمارۆ خستنە سەر ئێران کۆ دەنگ بن، ئەوە دەوڵەتی فێدراڵیش ناچارە پشتیوانی لەو کۆدەنگییە بکات.

پێشتر، شۆرای ئەمنیەت و یەکیتی ئورووپا بۆ پشتیوانی کردن لە رێکەوتنامەی \" ٢٣ی پووشپەر\" ئامادەکاریی بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران کردبوو.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ١٢ساڵ دانوستان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە بەردەوامیی بە دروستکردنی چەکی ناوکیی تاوانبار دەکرا.