سێمینارێک بۆ خەسارناسی ئەدەبیاتی منداڵان لە شاری بۆکان بەڕێوە چوو

15:38 - 14 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بەبەشداری هێندێک لە کەسایەتییەکانی ئەدەبی و مامۆستاکانی زانکۆ لە بیاڤی ئەدەبیات و منداڵان، لە شاری بۆکان سێمینارێک لەمەڕ خەسارناسی ئەدەبیاتی منداڵان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کۆتایی حەوتووی ڕابردوو، لە شاری بۆکان سێمینارێکی خەسارناسی ئەدەبیات و منداڵان لە هەر چوار پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە شاری بۆکان بەڕێوە چوو.

بەرێوەبەری سێمیناری خەسارناسی ئەدەبیاتی منداڵ و مێرمنداڵانی ڕۆژئاوای ئێران ڕایگەیاند: لەو سێمینارەدا، زیاتر لە ٣٠ بابەتی پەیوەندیدار بە ئەدەبیاتی منداڵان لە پارێزگاکانی سنە، ئیلام، کرماشان و ورمێ بۆ ئەو سێمینارە نێردرا بوو، کە تەنیا ٨ بابەت لەلایەن لێژنەی نێوبژیوانانەوە تەئید کرا.

مستەفا ئیلخانی زادە، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بابەتەکان لە سێمینارەکان بە سێ زمانی کوردی، فارسی و تورکی ئازەربایجانی لە تەوەرەی پێشینە و ڕەوتی ئاڵوگۆڕی ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان دابووە.

\"\"
سێمیناری خەسارناسی
لەو سێمینارەدا، شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی دەقەکانی فۆلکلۆری ناوچە لەپەیوەندیی لەگەڵ منداڵان و میرمنداڵان، هەڵسەنگاندنی لایەنەکانی هونەری و دیتنی\"بصری\" بەرهەمی منداڵان، هەڵسەنگاندن و خەسارناسی شانۆی منداڵان، لەبەرچاو گرتنی زمانناسی و جوانناسی لە بەرهەمی منداڵان، لەلایەن دەق نووسانەوە خوێندرایەوە.

لێژنەی داوەرانی ئەو سمینارە، لە لەیلا ساڵحی، سەعدەدین خوسرەوەی، محەممەد سەلیمی، نەسرین سوفی و پرشنگ ئیلخانی زادە پێکهاتبوو.