سێمینارێکی تایبەت لە سەر خەسارناسیی بزووتنەوەی کورد لە واشنتۆن بەڕێووەچوو

22:40 - 26 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: سێمینارێک لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی هەنووکەیی بزووینەوەی کورد، بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبە کوردییەکان لە واشنتۆن بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە، سێمینارێک لەژێر ناوی\"کوردستان بەرەو کوێ؟!\" لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتۆن \"مێراو\" بەڕێوەچوو و نوێنەرانی حیزبە کوردییەکان بە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ خەسارناسیی بزووینەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان کرد.

لەو سێمینارەدا، هەر کام لە نوێنەرانی حیزبە کوردییەکان سەبارەت بە پرسی سێمینارەکە بیروبۆچوونی خۆیان دەربڕی.

نوێنەرانی حیزبە کوردییەکان لەو سێمینارە لێکۆڵینەوەیەدا، پێداگریان لە سەر خالێک لە پرۆسە \"دەوڵەت_نەتەوە\" کردەوە کە پێویستە ڕەوانگە جیاوازەکانی یەکترن قەبووڵ بکەن و هەروەها ئەو پرۆسەیە پێویستی بە خاکەڕایی لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی حیزبیەکان هەیە.

لەو سێمینارەدا پێداگری لە سەر ئەوە کرایەوە که \"یەکیەتی و هاودڵی\"، دەبێ ستراتیژی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت و ئەرکی حیزبە کوردییەکانە بۆشایی نێوان خەڵک حیزبەکان پڕ بکاتەوە.

لەو سێمینارەدا، ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەلاح بایەزیدی، نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کامڕان باڵنوور، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، سالار سەلیم، نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، حیکمەت بامەڕنی، نوێنەری پارتی دێموکراتی کوردستان، سامی ساڵەیی، نوێنەری یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، عەبدولڕەحمان حەسەن، بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئامریکا، زاگرۆس یەزدانپەنا، نوێنەری پارتی ئازادیی کوردستان و ناسر باباخانی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیی دانیشتووی وڵاتی ئامریکا بەشدار بوون.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هەڵسەنگاندنی مەسەلە پەیوەندییەدارەکانی بزووتنەوەی کورد لە واشنتۆن دامەزراوە و ئەمە پێنجەمین سێمیناری ئەو دامەرزاوەیەیە کە لەو بوارەدا لە لایەن ئەو ناوەندە لێکۆڵینەوەیەوە بەڕێوە دەچێت.