سێ‌زیندانیی سیاسیی یارسان لە یەزد مانیان لەخواردن گرت

15:40 - 21 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی كوردپا: سێ‌زیندانیی سیاسیی یارسانی خەڵكی ناوچەی میاندواو دوای دوورخستنەوەیان بۆ گرتووخانەكانی شاری یەزد و ئەردەكان، مانیان لەخواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەهەند عەلی محەممەدی، عێبادوڵڵا قاسم‌زادە و بەخشعەلی محەممەدی سێ‌زیندانیی پەیڕەوی ئاینیی یاری و خەڵكی \"وشتەپە\"‌ی میاندواو لەگرتووخانەی ناوەندی ورمێەوە بۆ گرتووخانەكانی یەزد و ئەردەكان دوور خراونەتەوە.

پێشتریش ماڵپەڕی \"برای عدالت\"‌ بڵاوی كردبوویەوە، ئەو سێ‌هاووڵاتییە یارسانییە رێكەوتی١٣ی خەزەڵوەر بۆ گرتووخانەی یەزد و ئەردەكان دوور خراونەتەوە.

\"16746.jpg\"
سەهەند عەلی محەممەدی، عێبادوڵڵا قاسم‌زادە و بەخشعەلی محەممەدی سێ‌زیندانیی پەیڕەوی ئاینیی یاری لەگرتووخانەی ناوەندی ورمێەوە بۆ گرتووخانەكانی یەزد و ئەردەكان دوور خراونەتەوە
سەهەند عەلی محەممەدی، عێبادوڵڵا قاسم‌زادە و بەخشعەلی محەممەدی لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی حكوومەتی ئێران لەشاری ورمێ‌، سەرجەم بە ١٥ ساڵ زیندان، ٤٠٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی و دوورخرانەوەیان بۆ گرتووخانەكانی ئوستانی یەزد حوكم دران.

ئەو سێ‌هاووڵاتییە یارسانە ساڵی ١٣٨٣ لەگەڵ دوو كەسی دیكەی یارسان بەناوەكانی مەهدی قاسم زادە و یونس ئاقایان لەتێكهەڵچوونەكانی ئاوایی \"وشتەپە\" کە چند کوژرا و برینداری لێکەوتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كران.

دواتر مەهدی قاسم زادە بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسێدارە درا و یونێس ئاقایان لەلایەن دادگای دیوانی باڵای وڵاتەوە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحكووم كرا.

بەوتەی چالاكانی مافی مرۆڤ، یارسانەكان كە لە چەندین شاری ئێران نیشتەجێن، بە بەردەوامی گوشاری حكوومەتی ئێرانیان لەسەر بووە و پێش بە دەربڕینی بیر و باوەڕیان گیراوە.

ماوەیەک لەمەوبەریش سەربازێكی یارسانی بەناوی \"سابیر مافی\" خەڵكی شاری قەزوین كەلە پادگانی ئاموزشی \"٠٢\"‌ی هێزی زەمینی ئەرتش سەرقاڵی تێپەڕكردنی دەورەی ئامووزیشییەكەی بووە، لەلایەن فەرماندە نیزامییەكانەوە بێ‌رێزی پێكرابوو و سمێڵیان بە زۆرە ملێ‌تاشیبوو.

چەند مانگ پێش ئێستاش سێ هاووڵاتیی یارسانی بەناوەكانی \"حەسەن رەزەوی ، نیكمەرد تاهیری و محەممەد قەنبەری بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووكایەتی كردن بە \"كیومەرس تەمەناك\" هاووڵاتیی یارسان و دەستبەسەر لە زیندانی ناوەندی هەمەدان، ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردابوو و گیانیان لەدەست دا.