سی تۆن کەلوپەلی کاسبکاران دەستی بەسەردا گیرا

15:27 - 26 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی بۆ سەر کۆڵبەران و کاسبکاران لە یەکێک لە گوندەکانی هەورامانی تەخت، نزیکەی ٣٠ تۆن کەلوپەلی کاسبکاران دەستی بەسەر داگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردان، هێزێکی زۆر لە هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە گوندی \"ناو\" سەر بە هەورامانی تەخت هێرشیان کردە سەر کاسبکاران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی بە ٥٠ ماشین پەلاماری گوندی ناویان لە هەورامان داوە و زیاتر لە ٣٠ تۆن شتومەکی کاسبکارانیان بە تاڵان بردووە.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کاسبکارانە شتومەکەکانیان لەو گوندە ڕاگرتبوو، کە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دستی بە سەردا گیرا.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە حکوومەتییەکان لەو رووداوەدا، دەستیان کردووە بە لێدانی کاسبکاران و دواتر شتومەکەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

گوندی \"ناو\" سەر بە بەخشی هەوامانی تەخت لە شاری سەوڵاوای پاریزگای سنە دایە.