سینەماکارانی ئورووپا: تەنیا تاوانی کەیوان دروستکردنی فیلمە

14:51 - 24 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: کەسایەتییە هونەرییەکان لە وڵاتانی ئورووپایی، لەوانە فەرانسە، وێڕای پاڵپشتی لە کەیوان کەریمی، خوازیاری ئازادیی ناوبراو لە گرتووخانە بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سینەماکارانی فەڕانسەوی بۆ ئازادکرانی هونەرمەندی ناسراوی کورد، کەیوان کەریمی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد.

دەرهێنەران، ئامادەکاران، مووزیکدانەران و سیناریستەکان لەو نامەیەدا نووسیویانە کە؛ تەنیا تاوانی کەیوان کەریمی دروستکردنی فیلمە.

هەروەها ڕێکخراوە هاوشێوەکانی ئاڵمان، هۆلەند و ئورووپا، لەو بەیاننامەی کەسایەتی و دامەزراوە سینەماییەکانی فەڕانسە پاڵپشتییان کردووە.

ئەوان لە دەوڵەتی فەڕانسە، یەکیەتیی ئورووپا و وڵاتانی هۆگری دێموکراسی دەخوازن کە بۆ ئازادی کەیوان کەریمی لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ بدەن.

کەیوان کەریمی سینەماکاری خەڵکی بانە لە کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێی مانگی سەرماوەز بۆ جێبەجێ کرانی بڕیاری دەزگای دادوەریی ئێران برایە گرتووخانەی ئێڤین لە تاران.
لەم بارەیەوە، ڕادیۆ نێونەتەوەیی فەڕانسە ڕاپۆرتی دا کە؛ ڕۆژی ڕابردوو، شەوێکی تایبەتی لە \"سینەما - سینەماکاران\" لە گەڕەکی \"کلیشی\" پاریس بۆ کەیوان بەڕێوەچوو کە لەوێشدا بەیاننامەکە خوێندرایەوە و فیلمی دۆکیۆمێنتاری \"نووسین لە سەر شار\" نەمایش کرا.

ئەم هونەرمەندە ٣٠ ساڵەیە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە بە دروستکردنی فیلم، سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە.

ناوبراو هەر بەم تۆمەتە، بە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری، ٥ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٢٢٣ قامچی مەحکووم کرا.
لینکی پەیوەندیدار:
کەیوان کەریمی ڕەوانەی ژووی تاکەکەسی زیندانی ئیڤین کرا