سینەماكارێكی كورد، خەڵاتی شانازیی یۆڵماز گونەی پێ بەخشرا

14:47 - 1 بەفرانبار 2711
كوردپا: خاتوو \"فاتۆش گونەی\" هاوسەری سینەماكاری ناوداری كورد یۆڵماز گونەی، دوای بینینی فیلمی سینەمایی \"شوێنێك بۆ یاری\" خەڵاتی شانازیی \"یۆڵماز گونای\" پێشكەش بە شەوكەت ئەمین كوركی دەرهێنەری كورد كرد.

بە پێی راپۆرتی راگەیاندنی گشتیی كۆمپانیای \"نارین فیلم\"، كە نوسخەیەكی بە دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە، فیلمی سینەمایی \"شوێنێك بۆ یاری\" (كیك ئاف) KICK OFF لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد شەوكەت ئەمین كوركی كە هەتا ئێستا لە چەند فێستیڤاڵی جۆراوجۆری نێونەتەوەیی لە ئاستی دنیادا نمایش كراوە و كۆمەڵێك خەڵاتی گرینگی بۆ هەرێمی كوردستان بەدەستهێناوە، لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی دهۆك - بێرلین لە هۆڵی كۆنگرەی زانكۆی شاری دهۆك نمایش كرا و خاتوو فاتۆش گونەی هاوسەری سینەماكاری كورد یۆڵماز گونەی دوای بینینی ئەم فیلمە، خەڵاتی شانازیی \"یۆڵماز گونای\"یی پێشكەش بە شەوكەت ئەمین كوركی كرد.

فاتۆش گونەی هاوسەری سینەماكاری كورد یۆڵماز گونەی هەڵگری خەڵاتی چڵە بەڕووی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی كان، لە دوای نمایشی فیلمی سینەمایی \"شوێنێك بۆ یاری\" لە وتەیەكدا گوتی:\" زۆر سەرفەراز و بەختەوەر بووم كە ئەم فیلمەم بینی و بەڕاستی ئەوەندە جوان و رێكوپێك بوو، بۆ من راچڵەكان و هەژاندنێك بوو كە دەرهێنەرێكی كورد لە هەرێمی كوردستان فیلمێكی لەو ئاستەدا ساز كردووە\".

گوتیشی: پڕ بە دڵ حەزم لەم فیلمە كرد و لەلایەن خۆمەوە خەڵاتی یۆڵماز گونای كە خەڵاتێكی شانازییە پێشكەش بە شەوكەت ئەمین كوركی دەكەم.
فیلمی \"شوێنیێك بۆ یاری\" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی 15مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی عەرەبی لە شاری سانفرانسیسكۆ لە وڵاتی ئەمریكا نمایش كرا و توانی خەڵاتی سەرەكی ئەم فێستیڤاڵە بەدەست بهێنێت.

ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداریی كۆمەڵێك فیلم لە سینەماكارانی سەرتاسەری جیهان لە رۆژانی 13 تا 23ی ئۆكتۆبری 2011 لە شاری سانفرانسیسكۆ بەڕێوە چوو.