سینەماكارانی لاوی كورد لە چل و حەوتەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی "سینەمای لاوان"دا بەشدارن

16:03 - 19 خاکەلێوه 2712
كوردپا: هونەرمەندانی سینەماكاری لاوی كورد لە پارێزگاكانی كوردستان و كرماشان بە چەند بەرهەمێك بەشداری چل و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی ناوچەیی سینەمای لاو \"ئەفلاك\"ن، كەلە پارێزگای لوڕستان بەڕێوە دەچێت.

هەواڵدەریی كوردپرێس لە راپۆرتێكدا لەم بارەوە بڵاوی كردۆتەوە، هەتا ئێستا یەك هەزار و 153 بەرهەمی سینەمایی گەیشتۆتە دەبیرخانەی فێستێڤاڵی ناوچەی سینەمای لاو وەرزی یەك (بەهار) كە وەك باو سینەماكارانی لاوی كوردی كوردستان و كرماشان بە ناردنی بەرهەمەكانیان بەشدارییەكی چالاكیان هەیە.

بۆ خولی یەكەمی فێستیڤاڵی ناوچەیی سینەمای لاو (بەهار) لە ساڵی 1391، هەتا ئێستا لە پارێزگاكانی خووزستان، لوڕستان، ئیلام، هەمەدان، ناوەندی (ئەراك)، كوردستان و كرماشان یەك هەزار و 153 بەرهەم گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی.

حەسەن نەجاڕیان، مەسعوود ئەتیابی و مانی میرسادقی وەك داورەی بەشێك لە بەرهەمە گەیشتووەكانی فێستیڤاڵ دەست نیشان كراون.

لە كۆتایی ئەم فێستیڤاڵەدا جیا لە دانی خەڵاتی رێزلێنان، دیپلۆمی شانازی، پارەی نەختی بۆ سەرۆكەوتووەكان، پشتیوانیی مادی و مەعنەویشیان بۆ لەبەرچاو دەگیرێت.

فێستیڤاڵی ناوچەیی سینەمای لاو لەلایەن \"ئەنجومەنی سینەمای لاو\"وە بەڕێوە دەچێت و هەر ساڵە لە ناوەندی یەكێك لە پارێزگاكانی ئێران بەڕێوە دەچێت كە خولی چل و شەش لە ساڵی 1390 لە شاری سنە بەڕێوە چوو.

چل و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمای لاو رێكەوتی 12 هەتا 14ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە شاری خوڕەم ئاباد لە پارێزگای لوڕستان بەڕێوە دەچێت.