سیستمی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ورمێ لەگەڵ کەمیی مامۆستا بەرەوڕووە

15:02 - 16 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوبەرانی پەروەردە و بارهێنان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ئاماژە بە کەمیی ٢٤٠٠ هێزی مڕۆیی لە کاروباری پەروەردە و بارهێنان دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە وەرزی نوێی خوێندندا، زیاتر لە ٥٣٠٠ قوتابی لە قوتابخانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کەمیی مامۆستا لە پۆڵەکانی وانە وتنەوە بەڕەوڕوون.

ئەو ژمارە قوتابیە نوێیە لەگەڵ قوناغەکانی دیکەی خوێندن، بە گشتی،لەم وەرزەدا پێویستیان بە ٢٤٠٠ مامۆستاهەیە.

جێگری پەروەردە و بارهێنانی پارێزگا، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم ژمارەیە، گوتی؛ ئەو کەم‌وکۆڕییە زۆرتر لە بەشی زانستە مرۆییەکاندا بوونی هەیە.

ئیبراهیم محەممەدی، هۆکارەکانی کەمیی مامۆستای لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای بۆ گوێ پێ‌نەدان بە گواستنەوەی هێزی مرۆیی لە ناوچەکان و پشتگوێ خستنی کەسانی خوجێی لەو پارێزگا گەڕاندەوە.

لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ئەمساڵدا، ٥٤٦هەزار و ٧١١ قوتابی چوونەتە قوتابخانە.
لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە دەوڵەتییە لە کاتێکدایە کە کەم‌وکۆڕییەکان لە نێو شارەکانی ئەو پارێزگایەدایە.

دانپێدانانی ‌کەمیی هێزی مڕۆیی لە سیستمی پەروەردە و بارهێنان لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان نزیک بە ١٥٠هەزار نەخوێندەوار لەو پارێزگایە بوونی هەیە.

نەبوونی دۆخی لە بار و ئیمکاناتی ڕاهێنان، لە کێشە سەرەکییەکانی ئیدارەی پەروەردە و بار‌هێنان لە شاری ورمێ هەژمار دەکرێت.