سۆعدا خەدیرزادە بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

18:47 - 15 خەرمانان 2722

لقی ٣ی دادگای کەیفەریی ١ی جێگیر لە شاری مەهاباد، سۆعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسی لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ، بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی خەرمانان بە بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسیی، ڕاگەیەندراوە.

یەکەمین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی سوعدا خەدیرزادە، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانان، بەشێوەی ئانلاین لە لقی ٣ی دادگای کەیفەریی ١ی جێگیر لە شاری مەهاباد، بە ئامادەبوونی ئەو زیندانییە سیاسییە، پارێزەرەکەی و سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی بەڕێوە چوو.

تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی "سۆعدا خەدیرزادە "بەشداری لە کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران و ئەندامییەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانـ"ـە کە ئەو زیندانییە سیاسییە ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

بەرپرسی لقی٣ی دادگای کەیفەریی ١ی جێگیر لە شاری مەهاباد بە ناوی "جەواد بەنایی" و ڕاوێژکارانی بە ناوەکانی "ئەمیر ئوجاقلوو" و "غوڵام کەریم‌خانی" بوونه. بەڵام پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی سۆعدا خەدیرزادە لە ئەستۆی "غوڵام کەریم‌خانی" دەبێت.

سوعدا خەدیرزادە لەلایەن یەکێک لە سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی بە ناوی "موراد پیرۆتی‌نیا" کوڕی خزر پیرۆتی‌نیا، ئەندامی سپای پاسداران کە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠، لەلایەن کەسەسانێکی نەناسراوە کوژرابوو، هەڕەشەی کۆشتنی لێکرابوو، ئەو کەسە لە ڕەوتی دادگادا ڕایگەیاندبوو لە ئەگەری ئازادکردنی سوعدا خەدیرزادەدا، ئەوان خۆیان دەیکوژن. ئەمە لە کاتیكدایە کە هەواڵدەریی "میزان"سەر بە هێزی دادوەری، چەند ڕۆژ پێش باسی لە بەستێنی ئازادکردنی سوعدا کردبوو.

پارێزەری سۆعدا پاش هەڕەشەی کوشتنی لەلایەن سکاڵاکەرانی دۆسییەکەیەوە، بە بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییەی ڕاگەیاندبوو کە لە درێژەدان بە بریکارییەکەی پاشگەز بووەتەوە.

بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بۆ ئازادیی سۆعدا خەدیرزادە، ماوەیەک پێش لەلایەن دادگاوە قەبووڵ کراوە، بەڵام لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا دژایەتی لەگەڵ ئازادکردنی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە کوردە کراوە و هەر جارە بە بیانوویەک، بارمتەکەیان قورستر کردووەتە هەتا ئەو بارمتەی گەیشتووەتە سێ میلیارد تمەن.

کوردپا پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا، باسی لە دوایین بارودۆخی سۆعدا کردبوو کە ئەو ناچار کراوە بە دانپێدانانی زۆرەملێ و هەواڵی خۆکوژییەکەی خۆی ڕەت کردبووە. هەواڵدەریی "میزان" فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییەی بڵاو کردووەتەوە.

پێشتر کوردپا وردەکاریی لەسەر دوایین بارودۆخی سۆعدا خەدیرزادە پاش خۆکوژییەکەی بڵاو کردبووەوە.