سۆران شەریفی پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی بۆ زیندانی بۆکان گەڕایەوە

11:36 - 19 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژ، سۆران شەریفی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی بۆکان، پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی بۆ زیندانی ئەو شارە، گەڕایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕ، بۆ یەکەم جار لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، ئیزنی مەرەخەسیی پێ درابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، ئەو زیندانییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە ٧ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ بە شێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

بەپێی یاسای کۆکردنەوە(تجمیع)، ئەو زیندانییە دەبێت ٥ ساڵ لەو ٧ ساڵە زیندانە داسەپاوە، تێپەڕ بکات.

سۆران شەریفی خاوەن دەرمانگای "حەکیم" لە بۆکانە و دادگا حوکمی داخستنی ئەو دەرمانگایەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ دەرکردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە.  ناوبراو مانگی پووشپەڕی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە، هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو لەوانە مۆبایل، کامپیۆتێر و کتێبیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.