سۆبەی نەوتیی ناستادارد ئاگری لە قوتابخانەیەکی ناوچەی ورمێ بەردا

14:33 - 19 بەفرانبار 2713
ئاژانسی كوردپا: لەدرێژەی سووتانی قوتابخانەكانی دوو شاری كوردستانی ئێران، قوتابخانەی یەكێک لەئاواییەكانی سەربە شاری ورمێ‌بە هۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتییەوە ئاگری تێبەربوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، قوتابخانەی سەرەتایی گوندی \"نێبن\" لە ناوچەی \"باراندێز\"‌ی ورمێ بە هۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتییەوە ئاگر گرت، بەڵام ئەو رووداوە هیچ خەسارێكی گیانی بە دواوە نەبووە.

بەوتەی شایەتحاڵان سەرجەم كەلوپەلی قوتابیان و قوتابخانەكە سووتاون و خەساری ماڵیی بەرچاو بەو قوتابخانەیە گەیشتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا ماوەی دوو حەفتە لەمەوبەر سۆبەی نەوتیی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی \"كەرێزەی شیخان\" لە ناوچەی مەهاباد، بەهۆی ناستاندار بوونەوە ئاگری تێبەربوو، کە بەو هۆیەوە قتابخانەی ئەو گندە لە ئاگردا سووتا.

سووتانی قوتابخانانەکان لەحاڵێكدان كە بینای قوتابخانەكانیش کە چەندین ساڵ پێش ئێستا لە دار و برد دروست کراون، لە هەمبەر ئاگردا خۆراگریان نیە و لەلایەكی دیكەشەوە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دوای رووداوی قوتابخانەی شیناوێ‌، كەوتبووە خۆ و بەڵێنی ئەوەی دابوو كە سیستمی گەرمایی قوتابخانەكان ستاندار دەكەن.

رێكەوتی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی پێشوو یەكێك لەپۆلەكانی قوتابخانەی گوندی \"شیناوێ\"ی پیرانشار كە ٣٧ كچە قوتابیی لە خۆ گرتبوو بە هۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتی ئاگری گرت و لەئەنجامی ئەو رووداوەدا ٢ كچە قوتابیی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكی دیكەش بە توندی تووشی سووتان هاتن و هەتا ئێستاش برینەكانیان ساڕێژ نەبۆتەوە.

لەوەرزی سەرمادا تەقینەوەی سۆبەی نەوتیی قوتابخانەكان بۆتە هەڕەشە و مەترسییەكەی گەورە بۆ سەر قوتابیانی كورد و سەرەڕای ئەو مەترسیانەش بە بەردەوامی لەلایەن بەرپرسانەوە پارە لە قوتابیان بە مەبەستی دابین كردنی سووتەمەنی لە قوتابیانی كورد دەستێندرێ‌.