سپای پاسداران پایگای \"دەری\" نۆژەن دەکاتەوە

16:11 - 22 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: پاش هێرش بۆ سەر پایگای \"دەری\" لە شاری مەریوان و کوژرانی ژمارەیەک لە هێزەکانی سپای پاسداران، ئەم ناوەندە سەربازی - ئەمنیەتییە دەستی کردووە بە نۆژەن کردنەوەی ئەو پایگایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژ، سپای پاسداران لە ڕاستای نۆژەن کردنەوەی پایگای \"دەری\"ی مەریوان هەوڵی هەناردە کردنی چەکوچۆڵی قورس و هێزی زیاتر بۆ ئەو پایگایەی داوە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی \"دەری\" وێرای پشتراست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: پاش شەڕی ئەم دواییانە لە گوندی دەرێ و کوژرانی ژمارەیەک لە هێزەکانی سپای پاسداران، ئەم ناوەندە نیزامییە، نۆژەن کردنەوەی ئەو پایگایەی دەستپێکردووە و چەکوچۆڵی قورسی لەو پایگایەش جێگیر کردووە.

کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی ٣٠ی پووشپەڕ، گرووپێکی چەکداری نەناسراو هێرشیان کردە سەر پایگایەکی سپای پاسدران لە گوندی \"دەری\"ـی شاری مەریوان و ئەو پایگایەیان بەتەواوەتی تەفروتوونا کرد.

بە وتەی یەکێک لە دانیشتووانی گوندی \"دەری\"، لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، زیاتر لە ٢٥ پاسدار کوژران و بریندار بوون.