سپای پاسداران هەڕەشە لە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی گوندی \"نێ\"ی مەریوان کرد

20:20 - 24 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران جێگر لە گوندی \"نێ\"ی مەریوان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەو گوندی بانگهێشت و هەڕەشەی لێ‌کردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەزەڵوەز، هێزەکانی سپای پاسداران جێگر لە گوندی نێ‌ی مەریوان، چەند هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەو گوندی بە ناوەکانی \"ڕەحمەت ئەفرا، عەبوڵلا ئەفرا، سەلاح ئەفرا، ئەحمەد ئەفرا و سەردار ئەفرا\" بانگهێشت کرد.

یەکێک لە دانیشتووانی گوندی \"نێ\" لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: باغی هاووڵاتییانی بانگهێشت کراو لە نزیک پایگای سپای پاسداران هەڵکەوتووە و هێزەکانی سپای پاسداران هەڕەشەیان لەو هاووڵاتییانە کردووە کە بی‌ئیزنی سپا مافی هاتن بۆ ناو باغەکانی خۆیان نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەروو، ئەو هاووڵاتییانە لە ڕێگای تەلەفوونە بانگهێشت و هەڕشەیان لێ‌کراوە و لە ئەگەری دیتنی کەسانی نەناسراو لە ناو باغەکانیان دەسبەجێ پایگا ئاگادار بکەنەوە.

هاووڵاتییانی بانگهێشت کرا و پاش دوو کاتژمێر لێپرسینەوە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ئازاد کراون.

پایگای سپای پاسداران لە ٢٠٠ مێتری گوندی \"نێ\" هەڵکەوتووە و پێشتر، دانیشتووانی ئەو گوندە بە نیسبەت دانانی ئەو پایگایە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.