سپای پاسداران هەڕەشە لە ئاژەڵداران و جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات

15:35 - 11 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران، هەڕەشەیان لە ئاژەڵداران و جووتیارانی نزیک لە سنووری حاجی عۆمەران کردووە، کە هەتا قووڵایی دوو کیلۆمێتر لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێران دوور بکەنەوە.

کاناڵی ئاسمانیی کوردستان ٢٤ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: \"هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانووی پاراستنی سنوورەکان، هەڕەشەیان لە ئاژەڵداران و جووتیارانی سنووری حاجی عۆمران کردووە، کە هەتا قووڵایی دوو کیلۆمێتریی سنووری هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێران خۆیان دوور بگرن و لە ئەگەری نزیکبوونەوە لە سنوورەکان، دەکرێنە ئامانجی تەقەی راستەوخۆ\".

کوردستان ٢٤ هەروەها نووسیوویەتی: \"حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە، کە ئەو کێشەیە لەگەڵ حکوومەتی ئێران چارەسەر بکات\".

بەپێی ڕاپۆرتی کوردستان ٢٤،\"سپای پاسداران، بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر موڵەتی بە جووتیاران و ئاژەڵدارانی سنووری حاجی عۆمەران داوە، کە هەتا قووڵایی دووو کیلۆمێتر و درێژایی ١٠ کیلۆمێتر، سنووری هاوبەشی هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێران بەجێ بێڵن\".

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ئەگەری چارەسەر نەکردنی ئەو کێشەیە، دەبێ نزیکەی ٥٠ جووتیار و ئاژەڵدار ئەو ناوچەیە بەجێ بێڵن.