سپای پاسداران هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان کرد

22:03 - 15 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران بە هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە \"تۆڵەکردنەوەی ئێمە توند\" دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ، \"محەممەدعەلی جەعفەری\" فەرماندەی گشتیی سپا و \"محەممەد پاکپوور\" فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسداران لە ڕێوڕەسمێکدا، لە شاری تاران کە بۆ کوژراوەکانی ئەم دوایانەی سپا لە شاری مەریوان بەڕێوەچوو، هەڕەشیان لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران کردووە.

پاکپوور لە پرێس کۆنفرانسیکدا ڕایگەیاند: \"هەر لەم ساڵەدا (٩٧)سەرەڕای دوژمنیی زلهێزەکانی جیهان، تەواوی ئەو گرووپانە کە کەمپنشینن، لە وڵاتانی دراوسێ وەک هەرێمی باکووری عێراق، هەموویان چالاک بوون، بەڵام سەرەڕای چالاک بوونی هەموو گرووپە تێرۆریستییەکان، ئێمە کەمترین نائەمنیمان لەو ناوچەکەدا هەبووە\".

فەرماندە هێزەی زەوینیی سپا ڕایگەیاندووە: \"لە هەمبەر هەوڵەکانی ئەم دواییانە لە شاری مەریوان هەموو دەبێ بیزانن کە تۆڵەکردنەوەی ئێمە توند دەبێت. کات و ساتی تۆلەکردنەوەکە کەس نازانێ، بەڵام لە هەر شوێنێک بە تایبەتی مقەڕەکانیان لە باکووری عێراق بێت توڵەی ئێمە توند دەبێت\".

پاکپوور هەروەها ڕایگەیاند: \"تێرۆریستەکان لە هەموو سنوورەکانی ئێمە چالاک بوونه و زۆرترین هێرش لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٦ هەتا ئێستا بوومانە، بەڵام شایەتی ئەوەین کە ئەو هێزە چەکدارەکانە هیچ جۆرە نفووزێکیان نەبووە\".

هەرووەها محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سپا بە ئاماژەکردن بە کوژراوەکانی سپا لە شاری مەریوان ڕاگەیاند: \"زەربەیەک کە لە وڵامی ئەو کردەوە تێرۆریستییە دەیوەشێنین، بە قەد قورسایی ئەو ١١ کوژراوە بێت\".

کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی ٣٠ی پووشپەڕ، گرووپێکی چەکداری نەناسراو هێرشیان کردە سەر پایگایەکی سپای پاسدران لە گوندی \"دەرێـ\"ـی شاری مەریوان و ئەو پایگایانە بەتەواوەتی تەفروتوونا کردووە.

بە وتەی یەکێک لە دانیشتووانی گوندی \"دەرێ\"، لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، زیاتر لە ٢٥ پاسدار کوژراو و بریندار بوون و کاتژمێر ٨ی بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سپای پاسداران، بە چەکوچۆڵ و کەرەستەی شەڕ و هەروەها چەندین ئامبوڵانس ڕەوانەی شوێنی شەڕەکە کراون.

لە سەرەتای ئەمساڵدا هەتا ئیستا چەندین شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لەگەڵ قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە و سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەو ناوەندە نیزامییە، چالاکیی سیاسی و نیزامیی هێزی حیزبە کوردییەکان، لە قووڵاییی خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات درێژەی هەیە.