سپای پاسداران هێرشی پەهبادی دژی مەقەڕەکانی حدکای پشتڕاست کردەوە

21:12 - 8 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هەواڵدەرییەکانی سپای پاسداران لە فەزای مەجازیدا، هێڕشی تۆپخانەکان و پەهپادی سپا دژی مەقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەواڵدەرییەکانی سپای پاسداران لەو بارەیەوە ڕایانگەیاندووە: \"لە درێژەی هێرشی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بۆ سەر مەقەڕە سەرەکییەکانی شوێنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاتژمێرێک پێش تۆپخانەکانی سپا هێڕشیان کردە سەر مەقەڕەکانی دێموکرات لە ناوچەی هەڵگورد و چەند خولەکێک پاش لە ئاگربارانی قورسی تۆپخانەکانی سپا، ئەمجار پەهبادەکان هێڕشیان دەست پێکرد\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: \"هێرشی ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر کاتژمێر ١٢ی نێوەڕۆ دەستیپێکردووە و نیو کاتژمێر دواتر پەهبادەکانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، کوێستانەکانی کۆدۆ لە نێوان چۆمان و پیرانشاریان بوردوومان کردووە.

هەواڵدەرییەکانی سپای پاسداران جەختی کردووەتەوە کە \"لە ڕەوتی ئەم هێرشانەدا ژمارەیەک لە پێشمەرگاکانی حدکا بە سەختی بریندار بوون\"، بەڵام فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە بە سووکی بریندار بوونی پێشمەرگەیەک لە کوێستانی کۆدۆ کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر، سپای پاسداران کوێستانەکانی \"سەقەڕ و بەربەزین\" لە نێوان سنووری هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە توندی تۆپباران کرد.