سپای پاسداران، شوانێکی مێرمنداڵی ئازار و ئەشکەنجە داوە

15:09 - 22 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: شوانێکی مێرمنداڵی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری شنۆ، لە لایەن سپای پاسدارانەوە لە شاخی \"خێرووزە\"ی ئازار و ئەشکەنجە درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هێزەکانی سپای پاسداران، لە شاخی \"خێرووزە\"ی گوندی \"میراوێ\" سەر بە شاری شنۆ، دەستیان بە لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی شوانێکی تەمەن ١٦ ساڵ دەکەن.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو شوانە مێرمنداڵەی بە ناوی \"ناسیح\" تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی گوندی \"میراوێ\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو شوانە مێرمنداڵە، لە شاخی خێرووزە، خەریکی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بووە و سپای پاسداران بەبێ هیچ هۆکارێک دەستیان بە لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی ناوبراو کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کە بە هۆی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی سپای پاسداران، ئەو شوانە مێرمنداڵە، ئازار بە یەکێک لە گورچیلەکانی دەگات و پاش چەند کاتژمێر خەڵکی گوندی میراوێ، ئەو شوانەیان بە بێهۆشی دۆزیوەتەوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناسیح لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشكیدایە.

لە لایەکی دیکەوە، شەوی ٢٠ی رەزبەر، لە نیزیک چۆمان لای گوندی \"ساڵە\" سەر بە شاری بانە، سپای پاسدارانەوە دەستیان بەسەر زیاتر لە بیست هەزار جووجکە مریشکدا گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ‌هێزەکانی سپای پاسداران بەشێک لەو مریشکەنەیان کوشتووە و شەوی دواتر تەقەیان لە خەڵک کردووە، کە زیاتر لە دە سەر گایان کوشتووە.